«خەڵات بۆ دادپەروەری» لەبری زانیاری پەیوەست بە سێکا موسا بالوکو، یەک لە سەرۆکانی ISIS-DRC تاکوو5 ملیۆن دۆلار خەڵات دەدات.
ISIS-DRC، لەژێر سەرکردایەتی سێکا موسا بالوکودا خەڵکی سڤیل، بە منداڵانەوە، دەکاتە ئامانج، دەکوژێت، دەبڕێت، دەستدرێژی دەکاتە سەر ناموس و توندوتیژی سێکسی تر ئەنجام دەدات. هەروەها ئەم گرووپە منداڵانیش بۆ جێبەجێکردنی هێرشە تیرۆریستییەکان و کاری زۆرەملێ لە ناوچەی Beniی کۆماری دیموکراتیکی کۆنگۆ بەکار دێنێت. ISIS-DRC، ناسراو بە هێزەکانی دیموکراتیکی هاوپەیمان (ADF) و «مدینە التوحید و المجاهدین»، هێرشی دڕندانەی لەدژی هاووڵاتیانی کۆنگۆ و هێزە سەربازییە ناوچەییەکان لە سەرانسەری پارێزگاکانی باکووری کیڤو و ئیتوری لە ڕۆژهەڵاتی DRC ئەنجام داوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم گرووپە لە ساڵی 2020دا زیاتر لە 849 کەسی کوشتووە.
لە مانگی ئازاری ساڵی 2021، وەزارەتی دەرەوە بالوکوی وەک تیرۆریستی نێودەوڵەتی تایبەت (SDGT) دیاری کرد. وەزارەتی دەرەوە ISIS-DRCی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی و وەک (SDGT) دیاری کرد.
لە ئەنجامی ئەم دیاریکردنە و دەرئەنجامەکانی تردا، هەموو موڵک و بەرژەوەندییەکانی پەیوەست بەو کەسانە لە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکادا دەستیان بەسەردا گیرا و هاووڵاتیانی ئەمریکا بەگشتی قەدەغە کران لە هەر چەشنە مامەڵە و سەودایەک لەگەڵ ئەو کەسانەدا. ئەو دامەزراوە ماڵییە بیانییانەی کە بە ئاگاداری خۆیان مامەڵەی گرنگ بەناوی بالوکو یان ISIS-DRCوە ئەنجام دەدەن یان ئاسانکاری بۆ دەکەن لەوانەیە حیسابە سەرەکییەکانی خۆیان یان حیسابی بەوەکالەتیان تووشی سزاکانی ئەمریکا بێتەوە. سەرەڕای ئەوەش، تاوانە کەسێک بە ئاگاداری خۆی یارمەتی ISIS-DRC بدات یان سەرچاوەی ماددی بۆ دەستەبەر بکات یان هەوڵی پیلانگێڕی لەگەڵ بدات.
پێشتر وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی پرۆگرامی سزای DRC ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ADFیان سزا دابوو. ئەم هەنگاوە لە ساڵی 2014 وەڵامدانەوەیەک بوو بە کردەوە توندوتیژ و دڕندەکانی ئەم گرووپە. وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا پێشتر بالوکو و پێنج ئەندامی دیکەی ADFی لە ساڵی 2019 بەپێی پرۆگرامی ئابلۆقەکانی گڵۆباڵ ماگنیتسکیدا بەهۆی ڕۆڵیان لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ سزا دابوو. لە ساڵی 2020، نەتەوە یەکگرتووەکان بەپێی پرۆگرامی ئابلۆقەکانی DRC بالوکوی بۆ سزای زیاتردیاری کرد.
