«خەڵات بۆ دادپەروەری» لەبری زانیاری پەیوەست بە مەعەلیم ئەیمەن و کەسانی تری بەرپرس لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 5ی کانوونی دووەمی 2020 بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازی Manda Bay لە وڵاتی کینیا تاکوو 10 ملیۆن دۆلارخەڵات دەدات. پێگەی Manda Bay بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی بەرگری کینیا بوو کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئەمریکاوە بەکار دەهات بۆ پێشکەشکردنی مەشق و پاڵپشتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بۆ هاوبەشەکانی جێگیر لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و هەروەها وەڵامدانەوەی قەیرانەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
لە کاتژمێرەکانی پێش بەیانیدا، چەکدارانی الشباب بە هاوەن هێرشیان کردە سەر پێگەکانی کینیا و ئەمریکا لەناو بنکەکەدا و لە هەمان کاتدا بە گولـلەی ئاڕپیجی (RPG) و چەکی سووک هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی سەربازی Manda Bay کە لە تەنیشتی هەڵکەوتووە. دوو فڕۆکەوانی بەڵێندەری DoD، کە هەردووکیان هاووڵاتی ئەمریکی بوون، بەهۆی پێکرانی فڕۆکەکانیان لەسەر ڕێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەکە بە گولـلەی ئاڕپیجی گیانیان لەدەست دا. یەکێکی تر لە بەڵێندەرانی DoD، کە ئەویش هاووڵاتی ئەمریکی بوو، لە هێرشەکە ڕزگاری بوو، بەڵام بەسەختی بریندار بوو. لە دەستڕێژ و تەقەکردنەکانی دواتردا، پسپۆڕێکی سوپای ئەمەریکا کوژرا کە کۆنترۆڵکەری ترافیکی ئاسمانی بوو. دوو سەربازی هاووڵاتی ئەمریکیش بریندار بوون.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دواتر لەلایەن ئاژانسی هەواڵی شهادەی زمانحاڵی گرووپەکەوە بڵاو کرایەوە، الشباب بەرپرسیاریەتی هێرشەکەی گرتە ئەستۆ.
مەعەلیم ئەیمەن، سەرۆکی جەیشی ئەیمەن، کە یەکێکە لە یەکەکانی الشباب و بەڕێوەبەری هێرش و ئۆپراسیۆنە تیرۆریسییەکەی کینیا و سۆماڵیا، وەک سەرۆکی جێبەجیکاری هێرشەکەی مانگی کانوونی دووەمی 2020 ناسرا. لە مانگی تشرینی دووەمی 2020، وەزارەتی دەرەوە ئەیمەنی وەک تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی تایبەت (SDGT) دیاری کرد. بەپێی بڕیاری جێبەجێکاری (E.O.) 13224، هەموارکراو.
الشباب – لقێکی سەرەکی ئەلقاعیدە لە ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا – لە چەندین هێرشی تیرۆریستی لە کینیا و سۆماڵیا و وڵاتانی دراوسێ بەرپرسیارە. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا هەزاران کەس کوژراون، لە نێویاندا هاووڵاتیانی ئەمریکی. وەزارەتی دەرەوە لە مانگی ئازاری 2008 «الشباب»ی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی (FTO) و تیرۆریستی نێودەوڵەتی تایبەت (SDGT) دیاری کرد. هەروەها لە نیسانی 2010، «لیژنەی ئابلۆقەکانی سۆماڵیا» UNSC، بەپێی بڕگەی 8ی بڕیارنامەی 1844 (2008) الشبابی وەک گرووپێکی تیرۆریستی دەستنیشان کرد.
